٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٢ - ١٠:٥٦
پارتی و یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ

کۆبوونەوەی لیژنەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، دەستوور و کۆمیسیۆن کۆتایی هات، بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشیان، هەردوولا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێ.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی پارتی  لەگەڵ شاندێکی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی ئامادەسازی نیشتمانی و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت.

هەروەها کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە هەڵبژاردن بکەن و حەوتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن.

بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە بەپێی رێککەوتنی سیاسیی 5ی 3ی 2019ـی نێوان هەردوولا و  کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی هەردوو حیزب بەگیانی برایەتی و تەبایی هەنگاوە پێویستیە کرداری و یاساییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان بهاوێژرێن.

پێکهاتەی هەردوو شاندەکە لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنەکانە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و راپرسییە.

342/